وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عیراق لە كۆبوونەوەدان

کوردستان 12:35 PM - 2026/09/24

كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەشاری بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق دەستیپێكرد بۆ   گفتوگۆكردن لەسەر ماف و داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا.
بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، دوێنێ شەو وەفدی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە شاری بەغدا‌و سەعات 10ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆش كۆبوونەوەی وەفدەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق دەستیپێكردووە. 
پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە داتا‌و ئامار سەرجەم داواكارییەكانی ڕەوانەی بەغداد كردووە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا جێگیر بكرێن، كە بریتین لە دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق، تەرخانكردنی بودجە بۆ دەستپێكردنەوەی دامەزراندن كە لەساڵی 2014ـەوە ڕاگیراوە، هەروەها دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە لەساڵی 2016ـەوە لە هەرێمی كوردستان وەستاوە.
بەشێكی دیكەی داواكارییەكانی هەرێم پەیوەستن بە هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، جگە لە خەرجكردنی ئیكرامییەی 12 مووچە بۆ دەیان هەزار خانەنشین و خەرجكردنی مووچە كەڵەكەبووەكانی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی، هاوكات بەهەمیشەییكردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو