وەزارەتی دارایی هەرێم رێنمایی نوێی بۆ مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەركرد و بەپێی رێنمایەكە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران سنوردار كرا بۆ تەنیا دوو ساڵ و ئەو ماوەیەش بۆ خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناكرێت، هاوكات سەرجەم ڕێنماییە كۆنەكانی مۆڵەتی بێ موچە هەڵوەشێنرانەوە
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنمایی دارایی ژمارە پێنجی ساڵی 2026ـی بڵاوكردەوە، كە تایبەتە بە ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.بەپێی ڕێنماییە نوێیەكە كە ئیمزای ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی لەسەرە ، وەزیرەكان و سەرۆكی دەستە نەبەستراوەكان بە وەزارەت، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە مۆڵەتی بێ مووچە بدەنە فەرمانبەران بەو مەرجەی ماوەكەی لە دوو ساڵ تێپەڕ نەكات.لە ڕێنماییەكەدا تەئكید كراوەتەوە ئەو ماوەیەی فەرمانبەر لە مۆڵەتی بێ موچەدایە، بۆ هیچ مەبەستێكی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناكرێت.
هەروەها وەزارەت بڕیاری داوە بە راگرتنی كاركردن بە كۆمەڵێك ڕێنمایی پێشو كە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2022 دەرچوبون، ئەمەش بە مەبەستی یەكخستنی یاساكانی مۆڵەت.سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی ئێستا لە مۆڵەتدان، وەزارەت ڕایگەیاندووە تا كۆتایی هاتنی ماوەی مۆڵەتەكانیان بەپێی ڕێنماییە كۆنەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بەڵام جارێكی تر مۆڵەتەكەیان بۆ نوێ ناكرێتەوە.هاوكات هەر فەرمانبەرێك پێشتر مۆڵەتی بێ موچەی وەرگرتبێت و كۆی ماوەكەی گەیشتبێتە دوو ساڵ، چیتر مافی وەرگرتنی ئەو مۆڵەتەی بەپێی ڕێنماییە نوێیەكە نابێت. ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی بڵاوبونەوەیان لە ڕۆژنامەی رەسمی (وەقایعی كوردستان) دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
پێشتر فەرمانبەر دەیتوانی مۆڵەتی بێ موچەی درێژخایەن بۆ ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ وەربگرێت. بەپێی یاساكە مافی هەبوو بۆ دوو جار و هەر جارەی پێنج ساڵ مۆڵەتەكە نوێ بكاتەوە. لە سیستەمی پێشودا، ئەو ماوەیەی فەرمانبەر لە مۆڵەتی بێ موچەدا بو، وەك ساڵانی خزمەت و خانەنشینی بۆی هەژمار دەكرا، بەو مەرجەی كە گەڕایەوە لێبڕینی خانەنشینی ئەو ساڵانە بدات كە تێیدا لە مۆڵەتدا بووە.