كۆریای باشوور داوا لە هاووڵاتیانی دەكات دەستبەجێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور ئاگاداری هاووڵاتیەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتەوە دەستبەجێ ناوچەكە جێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی 17 نوێنەرایەتی دیبلۆماسی لەوان باڵیۆزخانەی كۆریا لە ئێران و ئیسرائیل، بۆ پێداچوونەوە بە رێوشوێنە سەلامەتییەكان بۆ هاووڵاتییان و كەشتییە كۆریاییەكان لە ناوچەكەدا رایگەیاند،بەو پێیەی زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر هۆشداریی ئاستی سێیەمدان، ئامۆژگاری گەشتیاران دەكرێت ناوچەكە بەجێبهێڵن.هەروەها داوای زیادكردنی وریایی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی كەشتییەكانی كۆریا لە دەریای سوور كرد لە نێوان گرژییە سەربازییەكانی ئەم دواییەی حوسییەكانی یەمەن و سعودیە .
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی دۆخەكە لە نزیكەوە و رێوشوێنی پێشوەختە دەگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتیانی كۆریای باشوور.
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە هەفتەیەكە پێكدادانی چەكداریی نێوان ئەمریكا و ئێران بەردەوامە، گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەندووە،ئەوەش دوای داڕمانی رێككەوتنی ئاگربەست كە مانگی حوزەیرانی رابردوو ئەنجامدرابوو، كە مەبەست لێی كۆتاییهێنانی هەمیشەی بوو بەو شەڕەی بووەتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز.