پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بازاڕی وزەی جیهانی رووبەڕووی قەیرانێكی قورس كردووەتەوە و نرخی غازی سروشتی بە شێوەیەكی خێراتر لە نەوت بەرزبووەتەوە.
پێش سەرهەڵدانی جەنگ، نەوت و غاز بەبێ گرفت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی ئاڵۆزییەكان، نرخی غازی سروشتی دوو هێندەی نرخی نەوت بازیدا. هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا جگە لە پیشەسازی، بۆ دابینكردنی كارەبا و گەرمكەرەوەی ماڵەكانیان بە تەواوی پشت بە غازی سروشتی دەبەستن، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەری زۆر بێت و نرخەكەی بەرزبێتەوە.
ئێستا نرخی نەوتی خاو گەیشتووەتە سەرووی 90 دۆلار، كە بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێش جەنگ كە 70 دۆلار بووە. بەڵام لە كەرتی غازدا گۆڕانكارییەكان گەورەترن، گازی ئەوروپی ئێستا بە نزیكەی 63 دۆلارە بۆ هەر مێگاوات سەعاتێك ، لەكاتێكدا پێش قەیرانەكە تەنیا 34 دۆلار بووە.
ناجی ئەبی عاد لە سەنتەری توێژینەوەی كەنداو لە سعودیە ئاماژە بەوە دەكات، زیانەكانی دابینكردنی غاز هەم فیزیكی و هەم لۆجستین. گرفتە سەرەكییەكە ئەوەیە هیچ بۆرییەكی غاز نییە لە قەتەر یان ئیماراتەوە غاز بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز، لەكاتێكدا بۆ نەوت رێگەی جێگرەوە هەیە. ئەمەش وایكردووە بازاڕەكانی جیهان نیگەرانییەكی زۆریان لە كەمیی هاوردەكردنی غاز هەبێت.
بەپێی داتاكان ئەوروپا لە بارودۆخێكی خراپدایە، یەدەگی غازی ئەو كیشوەرە تا كۆتایی مانگی شوبات بۆ 30% دابەزیوە، لەكاتێكدا لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو ئاستی یەدەگەكە 85% بووە. زستانە سەختەكە و جەنگەكە وایانكردووە یەدەگەكان بە خێرایی كەم بكەنەوە. ئێستاش بەهۆی شەپۆلی گەرما و زیادبوونی بەكارهێنانی كارەبا، یەدەگی غاز زیاتر كەمی كردووە و مەترسییەكان بۆ وەرزی زستانی داهاتوو زیاتر بوون.