ناوەندە گەورەكانی دارایی جیهان پێشبینییە نوێیەكانیان بۆ نرخی زێڕ لە ساڵی 2027 بڵاوكردەوە، كە تێیدا جیاوازییەكی زۆر لەنێوان نرخە پێشبینیكراوەكاندا دەبینرێت.شیكەرەوەكانی بانكی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەكەن نرخی زێڕ لە ساڵی 2027دا بەرزبوونەوەیەكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت. بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەوان، نرخی هەر ئۆنسەیەك زێڕ دەگاتە ئاستەكانی نێوان شەش هەزار و 200 بۆ شەش هەزار و 300 دۆلار.
بانكی گۆڵدمان ساكسیش بەراورد بە بانكەكانی تر كەمتر گەشبینە بۆ گەیشتنی زێڕ بە نرخە زۆر بەرزەكان. ئەم بانكە پێشبینی دەكات نرخی زێڕ لە ساڵی 2027دا لە دەوروبەری پێنج هەزار و 600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك جێگیر بێت و پێناچێت بگاتە سەرووی شەش هەزار دۆلار.
بانكی ئێچ ئێس بی سی ، بەهۆی ئەو بارودۆخەی بازاڕی زێڕی تێدایە، ئاستی پێشبینییەكانی بۆ بەرزبوونەوەی نرخ كەمكردووەتەوە. ئەم بانكە وریایە لەوەی ژمارەی گەورە رابگەیەنێت و پێشبینی دەكات نرخی هەر ئۆنسەیەك زێڕ لە ئاستی چوار هەزار و 925 دۆلار بێت.
لەنێوان هەموو ناوەندە داراییەكاندا، بانك ئۆف ئەمریكا گەشبینترین پێشبینی هەیە. شیكەرەوەكانی ئەم بانكە دەڵێن لە ساڵی 2027دا زێڕ بە تەواوی دەدرەوشێتەوە و نرخی هەر ئۆنسەیەك لە نێوان پێنج هەزار بۆ هەشت هەزار دۆلاردا دەبێت.
ناوەندە داراییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هەرچەندە پێشبینییەكانی ساڵانی ڕابردوو تا ئاستێكی زۆر ورد بوون، بەڵام جەنگی ئابووری و ململانێ سەربازییەكان هاوكێشەكان دەگۆڕن. بۆ نموونە، لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا، جەنگ كاریگەریی گەورەی لەسەر وردیی پێشبینییەكان هەبووە و هەموو شتێكی گۆڕیوە.