دەستەی دەستپاكی فیدراڵی عیراق دەستبەسەرداگرتن و ئاشكراكردنی 120 مامەڵەی ساختە و دەستكاریكراوی تەرخانكردنی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی عەمارە لە ناوەندی پارێزگای میسان ڕاگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێك كە دەستەكە بڵاویكردووەتەوە،تیمی لێكۆڵینەوەی نووسینگەی میسانی سەر بە دەستەی دەستپاكی، بەپێی بەدواداچوونەكانیان زانیاری تەواویان لەسەر شێوازی ئەم گەندەڵییە بۆ ئاشكرابووە و تیمەكە توانیویانە هەشت فەرمانبەری كەرتی شارەوانی و تۆماری خانوبەرەی میسان دەستگیر بكەن كە راستەوخۆ تێوەگلابوون و مامەڵە ساختەكان لای ئەوان دۆزراوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دەستكاری و ساختەكارییەكە لەو زەوییانەدا كراوە كە لە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكراوە بەپێی ماددەی 25 لە یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی سامانی دەوڵەت فرۆشراون و تۆمەتباران هەستاون بە راییكردنی ئەو مامەڵە ساختانەی كە هیچ ژمارەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانوبەرەی پارێزگاكەیان لەسەر نەبووە، ئەمەش لەبەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل و بەرژەوەندی تایبەتدا بووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە، بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت، سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەكانی (298 و 307 ) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون، و فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ چەند تۆمەتبارێكی تری كەیسەكە دەرچووە.