ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران گەرووی هورمز وەك كارتی فشار لە ململانێكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەكاردێنێت. داواشی لە وڵاتانی جیهان كرد هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی هاتووچۆی كەشتییە نێودەوڵەتییەكان و تووندكردنی فشارەكان زیاتر بكەن.
ماركۆ روبیۆ، پێش گەشتەكەی بۆ فلیپین بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، هەندێك كەس لە ناو ئێراندا دەیانەوێ كۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز بكەن و وەك كارتی فشار دژی جیهان بەكاریبهێنن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تەئكیدی كردەوە لەوەی، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەر كارێك پێویست بێت بۆ پاراستنی بازرگانیی جیهانی، بەڵام پێویستە وڵاتانی تریش بێنە پێشەوە ، چ لە رووی دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی یان داراییەوە، هاوكاریی كەمكردنەوەی ئەم بارگرانییە بكەن.
سەبارەت بە بوونی رێگەیەك بۆ چارەسەری دیبلۆماسی لە ناو ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانەدا، ماركۆ روبیۆ رایگكەیاند، ئەمریكا هەمیشە بۆ دیپلۆماسی ئامادەیە، بەڵام دەبێ كارێكی راستەقینە بێت و دەبێ رێككەوتنێك بێت كە ئێرانیەكان ئامادەبن پابەندی بن و جێبەجێی بكەن.وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كرد، ناتوانرێت یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بە زیندوویی بمێنێتەوە كاتێك لایەنی بەرامبەر مەرجەكانی پێشێل دەكات. .