ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە نزیك گەڕەكی تاسڵوجەی شاری سلێمانی بیسترا، بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری گەلی كوردستان درۆنێك لەشاخی تاسڵوجە كەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە پووش و پاوانی شاخەكە ئاگری گرتووە و تیمەكان سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنین.
لەو بارەیەوە دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی هێرشەكان بۆ شاری سلێمانی و كوردستان دەكەن. تەئكیدیش دەكەنەوە، هەرێمی كوردستان و حكومەتی خۆجێیی سلێمانی، بێلایەنانەو بەرپرسیارانە؛ بەشێك نین لەم جەنگەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە.
پارێزگاری سلێمانی، داواش لە هاووڵاتیان دەكات، لە شوێنی بۆردوومانەكان نزیك نەبنەوەو ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر دروستنەكەن، بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانی خۆیان پیشەییانە جێبەجێبكەن.
پێش ئەم هێرشەش دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە حەوت مووشەك هێرشكرایە سەر گوندەكانی زڕگوێزەڵە، قسرد و ناوچەی قەرەداغ لە سنووری "پارێزگای سلێمانی".
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، سەعات 6:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بە حەوت مووشەك هێرشكراوەتە سەر چەند شوێنێكی جیاواز. بەپێی راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، گوندی زڕگوێزەڵە بە چوار مووشەك كراوەتە ئامانج. وە مووشەكێكیش گوندی قسردی لە سنووری قەرەداغ كردوەتە ئامانج، هەروەها، نزیك گردی كوپان لە قەرەداغ بە دوو موشەك كراوەتە ئامانج. دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بەدواداچوونی ورد لەلایەن تیمەكانیانەوە بەردەوامە بۆ زانینی زیانە گیانی و ماددییەكانی هێرشەكان.