تۆپی پێ دوو سەركردەی ناكۆك كۆدەكاتەوە

عیراق 10:31 PM - 2026/07/17

دوو سەركردەی سیاسی جیهانی ناكۆك و دژ بەیەك، یاری كۆتایی مۆندیال كۆیان دەكاتەوە.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، پێدرۆ سانچێز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا ڕۆژی یەكشەممە لە یاریگای مێتلایف لە نیوجرسی دەبێت بۆ پاڵپشتیكردنی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە یاری كۆتایی مۆندیالی 2026، ئەمەش لەكاتێكدایە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش لەیاریگاكە ئامادە بێت و دوای تەواوبوونی یارییەكەش نازناوەكە بەتیمی براوە ببەخشێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا و حكومەتەكەی دژایەتیەكی تووندی سیاسەتەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەكەن، هاوكات ئیسپانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كیشوەری ئەوروپا كەپشتیوانی كەرتی غەززە دەكات و بەئاشكرا رایگەیاندووە: ئۆپراسیۆنەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتەكە داگیركارییە، هاوكات دژی ئۆپراسیۆن و هێرشەكانی ئەمریكاشە بۆ سەر ئێران. دۆناڵد ترەمپیش چەندین جار لەلێدوانەكانیدا هێرشی كردووەتە سەر پێدرۆ سانچێز.
لەگەڵ هەموو ئەم ناكۆكیانەش بۆنەیەكی وەرزشی وەك مۆندیال دەبێتە سەكۆیەك بۆ كۆكردنەوەیان، بەڵام هێشتا دیار نیە كە ئەو دوو سەرۆكە چاویان بەیەك دی دەكەوێت یاخود نا.
سەرچاوەكانی هەواڵ ئەوەشیان خستۆتەڕوو، دوای یارییەكە سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا هیچ دیدارێك لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریكا ئەنجام نادات و بەسەردانێكی رەسمی دەگاتە جەزائیر.
پەیوەندییەكانی نێوان سانچێز و ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵدا دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند: دژی ئۆپراسیۆنەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران، بەتەواوی تێكچوو، هەفتەی ڕابردوو لە میانی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە توركیا، سەرۆكی ئەمریكا دیسانەوە ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی سەركردەكانی ئیسپانیا گرت و دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا ئەنجامدانی هەر بازرگانییەك لەگەڵ ئیسپانیا ڕادەگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو