كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، سەرەڕای دەستپێكردنەوەی شەڕ، واشنتۆن هێشتا لەگەڵ تاران لە گفتوگۆدایە و ئێران تا ئێستاش ئارەزووی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن دەكات.
كارۆلین لیڤیت لە یەكەم دەركەوتنی میدیاییدا لەناو كۆشكی سپی لە دوای لەدایكبوونی منداڵی دووەمی لە مانگی ئایاری رابردوودا، روونی كردەوە، ئێران تا رادەیەكی زۆر هێشتا لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان لە گفتوگۆدایە و خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵمان نیشانداوە. بە وتەی ئەو، ئێران دەیەوێت گفتوگۆ بكات چونكە لەلایەن سوپای ئەمریكاوە "رووبەڕووی لێدانی وێرانكەر بووەتەوە". وتەبێژەكەی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوە كرد، ئەمریكا "بەهۆی رەفتاری سەركردایەتی ئێرانەوە" چەند رۆژێكە بەردەوامە لە لێدانی ئامانجەكان لە وڵاتەكە. واشنتۆن دەڵێت، ئێران بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر كەشتییەكان لە گەرووی هورمز رێككەوتنی نوێی پێشێل كردووە. لەو چوارچێوەیەشدا هێزەكانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) چەند رۆژێكە دەستیان كردووە بە جێبەجێكردنی گورزی نوێی هێرشەكان دژی ئێران. فەرماندەییەكە دەڵێت كە ئامانج لەو هێرشانە بەردەوامبوونە لە لاوازكردنی توانای سەربازی ئێران و وەك وەڵامێكە بۆ بەئامانجگرتنی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز