دوای ئەوەی كۆمپانیای داناغاز بەهۆی مەترسی هێرشەكانەوە راگرتنی بەرهەمەهێنانی غازی لەكێڵگەی غازی كۆرمۆر راگەیاند، راستەوخۆ سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی و نرخی غازی ماڵان بەرزبووەوە، سەرۆكی لیژنەی غازی سلێمانییش دڵنیایی بەهاووڵاتیان دەدات و دەڵێت كۆگاكانیان بەشی یەك مانگ غازی تێدایە.
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنی رایگەیاند: سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمدەكەنەوە، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەكێڵگەی كۆرمۆر، ئەوەش راستەوخۆ كۆتایی بەكارەبا 24 سەعاتیەكە هێنا، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە بەتایبەت كەئێستا لەناوەڕاستی مانگی تەمووز و گەرماداین، داوای لەمۆلیدە ئەهیلەكان كرا، دەست بەكاركردن بكەنەوە، بەڵام بۆ چۆنیەتی و رێكاری كاركردنەكەیان، كەوتنە گفتووگۆ لەگەڵ لیژنەكانی قایمقامیەت لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە شەوی رابردوو قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان كۆبووەوە دواتر رێككەوتن و راستەوخۆ كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان دەستیپێكردەوە، سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقایەت لە پەیوەندیەكی لەتەلەفۆنیدا بەگەلی كوردستانی ڕاگەیاند رێككەوتوون كە یەك ئەمپێر بە حەوت هەزارو نیو بۆ ١٢٥ سەعاتە كە بۆ ٤٥ رۆژ بەهاووڵاتیان بدرێت.
هاوكات سەبارەت بەئەگەری كەمبوونەوەی غازی ماڵانیش سەرۆكی لیژنەی غازی سلێمانی بەگەلی كوردستانی وت: كێشەی كەمی غاز لە ئارادا نییە و پێویست ناكات هاووڵاتییان بترسن.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی غازی سلێمانی راگەیاند، پێویست ناكات هاووڵاتییان بترسن و سلێمانی كێشەی كەمیی غازی نییە، بەڵكو بڕێكی زۆرباش غازی كۆگاكراومان هەیە. هۆشداریشیدا، هەر بەنزینخانەیەك یان بریكارێك غاز گران بكات، لێپێچینەوەی توندی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت..