وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کارەبا: دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان قەبرانی گازی ماڵان روونادات

کوردستان 02:28 PM - 2026/07/17

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد کە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، کۆمپانیای "داناگاز" بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتووە. ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا و کەمبوونەوەی ٢٥٠٠ مێگاوات لە تۆڕی نیشتمانیی کارەبا.

بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆخەکە و ڕێکخستنەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا، هەریەک لە وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیمێکی هاوبەشیان لە هەردوو وەزارەتەکە ڕاسپاردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، تاوەکو ئەو بڕە کارەبایەی کە ئێستا بەرهەم دێت، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ڕێکوپێک بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت.

سەبارەت بە دابینکردنی گازی شلی ماڵان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیران، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەدەستهێناوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی گازی ماڵان. هەر لە ئەمڕۆوە چەندین تانکەری گاز ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، هەردوو وەزارەت دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ قەیرانێکی گازی ماڵان ڕوونادات و لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە زووترین کاتدا دەست پێبکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو