سەرۆكی پێشووتری لیژنەی دەستپاكی عیراق دەستگیركرا

عیراق 03:39 PM - 2026/07/12

شەقامەكانی بەغداد جارێكی تر جموجۆڵی تانك و زرێپۆشەكانیان بەخۆوە بینی و لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی دژەتیرۆر و دەستەی دەستپاكی، یەكێك لە گەورەترین تۆمەتبارانی گەندەڵی دەستگیركرا.

شەوی رابردوو، هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆری عیراق  بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی فیدراڵی، ئۆپراسیۆنێكیان لە ناوچەی حارسیە لە دەرەوەی ناوچەی سەوز ئەنجامدا.

لەم چالاكییەدا تەڵاڵ زوبەیعی، سەرۆكی پێشووتری لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق (2014-2018) دەستگیركرا. تەڵاڵ زوبەیعی پێشتر و لە ساڵی 2019 پارێزبەندیی پەرلەمانیی لەسەر هەڵگیرابوو و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان و قەدەغەی گەشتكردنی بۆ دەرچووبوو.

ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی زوبەیعی هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوكردنەوەی تانك و زرێپۆشەكان لە شەقامەكانی بەغداد، ئەمەش نیشانەی توندیی ئەو هەڵمەتەیە كە حكومەت دەستیپێكردووە، زوبەیعی كە لە ژیانی سیاسیی خۆیدا چەندین جار حزب و هاوپەیمانییە سونییەكانی گۆڕیوە، یەكێكە لەو كەسایەتییانەی بە دۆسیەی گەورەی گەندەڵی تۆمەتبار كراوە.

ئەم ئۆپراسیۆنانە بەشێكن لەو هەڵمەتە بەرفراوانەی كە لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانەوە بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران و ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە دزینی سامانی گشتی دەستیپێكردووە.

عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، پێشتر تەئكیدی كردبووەوە كە ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و هیچ كەسێك لە سزا و لێپێچینەوە پارێزراو نابێت، ئەگەر دەستی لە گەندەڵیدا هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو