دیلان غەفور: عیراق لە دۆخێكی دارایی دژواردایە و 6 پڕۆژەیاسا بۆ زیادكردنی داهات ئامادەكراون

کوردستان 10:31 PM - 2026/07/11

دیلان غەفور: عیراق لە دۆخێكی دارایی دژواردایە و 6 پڕۆژەیاسا بۆ زیادكردنی داهات ئامادەكراون  
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاشكرای دەكات، بەهۆی نەفرۆشتنی نەوتەوە عیراق لە دۆخێكی دارایی دژواردایە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای بە ئامانجی فرەسەرچاوەكردنی داهات و دانەوەی قەرزەكان پێشكەشی پەرلەمان كردووە و شێوازی بودجەی ساڵی داهاتووش دەگۆڕدرێت بۆ شێوازی بەرنامە.
دیلان غەفور، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، عیراق لە دۆخێكی دارایی دژواردایە و داهات تەواو كەمبووەتەوە، ئاماژەی بەوە كرد، لە سەردانی هەفتەی ِابردووی وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە وردی باسی دۆخی ئابووری و كەمبوونەوەی داهات و هەنگاوەكانی حكومەتی كرد لە پێناو زیادكردنی داهات.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی گرفتەكانی بەردەم سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی عیراقەوە رایگەیاند، بەهۆی نەفرۆشتنی نەوت و داخرانی گەرووی هورمز، سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی وڵات كە فرۆشتنی نەوتە تووشی گرفت بووە، حكومەت كاردەكات بۆ فرەسەرچاوەكردنی داهات و ئەوانیش لە پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەكەن. بەوتەی دیلان غەفور، وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای ئامادەكردووە و تەسلیمی لیژنەی دارایی كردوون كە ئامانج لێیان زیادكردنی داهاتە لە رێی چاكسازیی وەبەرهێنان، بەكارهێنانی زەوی كشتوكاڵی، فرۆشتنی موڵكەكانی وەزارەتی دارایی، مۆڵەتی فەرمانبەران و گواستنەوەیان بۆ كەرتی تایبەت لە پێناو كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر پارەی مووچە. ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی باسی لەوەش كرد، حكومەتی عیراق قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكیی لەسەرە و بەدوای رێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دانەوەی قەرزەكان، یەكێك لەوانەش فرۆشتنی موڵك و ماڵی دەوڵەتە. لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە وتی، حكومەت كاری لەسەر دەكات و بۆ ساڵی داهاتوو یاسای بودجەی دەبێت و بودجە لە شێوازی بەندەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامە، ئەم شێوازی بودجەیەش لە وەزارەتەكاندا سەرەتا لە وەزارەتی كارەبا جێبەجێ دەكرێت و لە پارێزگاكانیش لە سەڵاحەددین و دیوانیە جێبەجێ دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو