هەریەكە لە عیراق و سوریا و ئەمریكا رێككەوتنێك بۆ زیندوكردنەوەی هێڵی نەوتی مێژوویی كەركوك- بانیاس ئیمزادەكەن.
پێگەی میدل ئیست ئای راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و ئاشكرایكردووە هەرسێ وڵاتی عیراق وسوریا و ئەمریكا سەرقاڵی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی كەركوك- بانیاسەوە، كە درێژییەكەی نزیكەی 800 كیلۆمەتر و تا كەناراوەكانی سوریا درێژ دەبێتەوە.
پێگە بەریتانییەكە، لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای كردووە، بڕیارە بەم نزیكانە رێككەوتنەكە رابگەیەندرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنانەدایە كە بە سەرۆكایەتی تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا ئەنجام دەدرێت.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، تۆم باراك تەواوی هەوڵەكانی خستوەتەگەڕ، بۆ كۆتاییهێنان بە وردەكارییەكانی پڕۆژەكە پێش سەردانەكەی عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا.
ئاماژە بەوەشكراوە، تۆم باراك كاراكردنەوەی هەناردەی نەوت لە بۆرییەكەوە وەك مۆدێلێك بۆ پڕۆژەكانی یەكخستنی ئابووری و بازرگانی لە ناوچەی لێڤانت دەڕوانێت، دیدگایەك كە پێشتر لە چەندین بۆنەدا بانگەشە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە كردووە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، بڕیارە دوای سەردانەكەی عەلی زەیدی،سەرۆكوەزیرانی عیراق و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریاش سەردانی ئەمریكا بكات، بۆ ئەوەی بەشداربێت لە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە.