نزیكەی 50 رۆژە مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە و تا ئێستاش چارەنوسی ئەو مووچەیە بە نادیاری ماوەتەوە و مووچەخۆران لە دۆخێكی دارایی و دەروونی خراپ و لە چاوەڕوانی هاتنی مووچەدا ژیان بەسەر دەبەن .
هەرچەندە چاوەڕوان دەكرا ،ئێوارەی دوێنێ لە دەیەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق باس لە پرسی ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت و فالح ساری وەزیری دارایی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێم بە مقاسە بدات ، بەڵام ئەنجومەنەكە هیچ پرسێكی دەربارەی مووچەی هەرێم تاوتوێنەكرد و چاوەڕوانیەكان وەك خۆیان مانەوە.
بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، بۆ مووچەی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان 60 ملیار دیناری وەك نیوەی داهاتی نانەوتی ئامادەیە، ئەگەر بەغداد بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدات، بەڵام ناكۆییەكان لەسەر ئەو بڕەیە و بەغداد داوای 120 ملیار دینار دەكات، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی پێشووی عیراق.
وەزیری دارایی عیراقیش دەڵێت ، ئامادەیە مووچە بنرێت بەڵام 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی لێدەربكات ،حكومەتی هەرێمیش دەڵێت ، ئەگەر تەمویلی مووچە بە تەواوی خەرج نەكرێت ئەوا كورت هێنانیان بۆ دروست دەبێت و ناتوانن مووچە دابەش بكەن.