لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی لە ئەلبانیا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بلێندی گۆنشجا، وەزیری گەشتوگوزار و رۆشنبیری و وەرزشی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(7/7/2026) بە ئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەفین غەفور، راوێژکاری جیگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو، باس لە دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی گەشتوگوزار و پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییەکان و گواستنەوەی ئەزموون و پسپۆڕی کرا.
لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بەو دەرفەتانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار هەیە و روونیکردەوە کە لە چوارچێوەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، حکومەتی هەرێم گرنگییەکی تایبەت دەدا بە پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار. لەم چوارچێوەیەشدا دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمە و بەهێزی لەگەڵ ئەلبانیا بە گرنگ زانی و راشیگەیاند بە گرنگییەوە دەڕواننە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی دۆست و لەناویشیاندا حکومەتی ئەلبانیا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و گواستنەوەی ئەزموون، قوباد تاڵەبانی بە فەرمی بانگهێشتی وەزیری گەشتوگوزار و رۆشنبیری و وەرزشی ئەلبانیای کرد سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.