عیراقچی: ڕێككەوتنی ئێران و ئەمریكا تەنها دوو لاپەڕەیە

عیراق 03:05 PM - 2026/06/13

عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێستا لە هەموو كاتێك نزیكترن لە گەیشتن بە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن و سەرەتا یاداشتی لێكتێگەیشتن بە ئەلیكترۆنی ئیمزا دەكرێت.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، ڕێكاری دیاریكراو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارەی بلۆككراوی ئێران دانراوە.

وتیشی، دۆسیەی ئاوەدانكردنەوە لە چوارچێوەی پلانێكدا دواتر ڕێككەوتنی لەسەر دەكرێت، لە كاتی گفتوگۆكانی داهاتوودا.

عەباس عیراقچی ئاماژەی بەوەشكرد، دەقی یەكەمی یاداشتەكە باس لە گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەكان دەكات‌و ڕێككەوتنەكەش تەنها دوو لاپەڕەیە.

سەبارەت بە دۆسیەی لوبنان و حزبوڵا، عیراقچی وتی، هیچ كاتێك دەستبەرداری حزبوڵا نابین و ئاگربەست لوبنانیش دەگرێتەوە. كۆتایی هێنان بە شەڕ بەپێی رێككەوتنەكە بە مانای كشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیركراوەكانی باشوری لوبنان دێت، ئەمەمان راشكاوانە بۆ لایەنی بەرامبەر روونكردووەتەوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنە، سەروەت و سامانی بلۆككراوی  ئێران لە كاتی ئیمزاكردنیدا ئازاد دەكرێت و پلانی ئاوەدانكردنەوە دانراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانانەی بەر ئێران بەركەوتووە.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو