وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكردو چاوەڕوان دەكرێت پرۆسەكە زیاتر لە مانگێك بخایەنێت.
لەڕۆژی 11ی حوزەیرانی 2026وە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە سایلۆكانی دهۆكەوە دەستیپێكردووەو ئەمڕۆش دەرگای سایلۆكانی سلێمانی كرانەوە، جووتیاران دەتوانن لەڕێگەی نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنییەوە بەرهەمی گەنمەكانیان تەسلیمی سایلۆكان بكەن.
بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عیراق بڕیاریداوە سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنم لەسەر ئاستی عیراق وەربگرێت، لەو ڕێژەیەش 400 هەزار تۆن بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە.
لای خۆشیەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بڕە گەنمەی ئەمساڵ لە دەرەوەی پلانی وەرگرتنی حكومەت دەمێنێتەوە زۆرە. بۆیە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بڕیاردراوە 2 كۆمپانیا ئەو گەنمە لە جووتیاران بكڕنەوە بۆ ئەوەی ڕەنجی جووتیاران بەفیڕۆ نەچێت، پرۆسەكەش ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی پلانی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆ حكومییەكان دەستپێدەكات.
سەبارەت بە نرخی كڕینەوەی گەنم لەلایەن كۆمپانیاكانەوە نەوزاد شێخ كامیل وتی، ئەو نرخەی كۆمپانیاكان پێشكەشی دەكەن، لە نرخی بازاڕ زیاترە، بەڵام لەو نرخە كەمتر دەبێت كە حكومەت دیاریی كردووە.