ئەلمۆنیتۆر: تۆم باراك لەگەڵ سەرۆك بافڵ و سەركردەكانی هەرێم و بەغداد كۆدەبێتەوە ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێت، تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سوریا و عیراق بڕیارە رۆژی دووشەممە بگاتە بەغداد و دوای زنجیرەیەك دیدارو كۆبونەوە، رۆژی سێشەممەش لە هەولێر لەگەڵ سەرۆك بافڵ و سەركردەكانی تری هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.
بەپێی ماڵپەڕە ئەمریكییەكە، ئەمە یەكەم سەردانی تۆم باراك دەبێت بۆ بەغداد دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، ئەركەكانی فراوانتر كرد بۆ ئەوەی عیراقیش بگرێتەوە. وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە.
بڕیارە باراك لە بەغداد لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق و لێپرسراوانی باڵای تری عیراق كۆببێتەوە، كە پێدەچێت پێداگری لەسەر فشارەكانی ئەمریكا بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەو چەكداماڵینی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران. هەروەك چاوەڕوان دەكرێت تۆم باراك لەگەڵ عەلی زەیدی پرسی زیاتر تاوتوێی بكات، وەك بونیادنانی پەیوەندیی وزەو بازرگانی لەگەڵ توركیا و سوریا، كە دەكرێت بەشداربێت لە لاوازكردنی چەپۆكی ئێران لە عیراقدا.
ئەلمۆنیتۆر دەشڵێت، تۆم باراك بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی جیا، رۆژی سێشەممە سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ سەرۆك بافڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو بەشێك لە سەركردەكانی تری هەرێمی كوردستانو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆببێتەوە.