نیویۆرك تایمز: هێشتا موجتەبا خامنەیی رەزامەندیی كۆتایی لەسەر رێككەوتن نەداوە

عیراق 10:16 AM - 2026/06/13

 لێپرسراوێكی ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، ناوەندە مەدەنی و سەربازییەكانی ئێران واشنتۆنیان ئاگاداركردوەتەوە كە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ئاسودەیە لەگەڵ ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئەمریكا پێشنیار كراوە، بەڵام هێشتا رەزامەندی كۆتایی نەداوە یان پشتیوانی راستەوخۆی خۆی بۆ ئەو رێككەوتنە ڕانەگەیاندوە.

لێپرسراوێكی ئەمریكی بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز باسی لەوەكردوە، هەڵوێستی خامنەیی لە چوارچێوەی بازنەكانی دانوستاندا وەك ئاماژەیەكی ئەرێنی سەیر دەكرێت، لە كاتێكدا نادڵنیایی هەیە سەبارەت بە بڕیاری كۆتایی تاران. بەگوێرەی راپۆرتەكە، رێككەوتنی سەرەتایی تیشك دەخاتە سەر راگرتنی هەڵكشان و دەستپێكردنی رێڕەوێكی نوێی دانوستان، هاوكات كێشە ئاڵۆزەكانی تر، دیارترینیان بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و گەمارۆ ئابورییەكان، بۆ قۆناغێكی دواتری دانوستانەكان دواخراون.

ئەو لێپرسراوە ئەمریكییە تەئكیدی كردۆتەوە كە ئێران تەنیا بە ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە سوودی ئابوری وەرناگرێت، بەڵكو هەرجۆرە پاڵپشتییەكی دارایی یان یارمەتیدانی سزاكان بەندە بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكان. روونیشی كردەوە، تەسلیمكردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران وردە وردە بە دابینكردنی هاندانی ئابووری و دارایی لە لایەنی ئەمریكییەوە ئەنجام دەدرێت.

لە بەرامبەردا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە كردوە، بازنە ئەمنی و سەربازییەكانی ئێران كە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە، رەزامەندی كۆتایی خۆیان بۆ رێككەوتنە سەرەتاییەكە نەداوە، كە رەنگە یەكێك لە ئاستەنگە سەرەكییەكانی بەردەم تەواوبوونی رێككەوتنەكە بێت. رۆژنامەكە پێیوایە كە پێگەی دامەزراوەی ئەمنیی ئێران فاكتەرێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دیاریكردنی ئایندەی رێككەوتنەكە و رێڕەوی دانوستانەكانی داهاتوو. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو