ئیسماعیل بەقائی: لەژێر فشاردا سازش ناكەین

عیراق 10:34 AM - 2026/06/12

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە،  دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ رایگەیاند، لەگەڵ ئێران گەیشتونەتە  رێككەوتنێكی گەورە‌و پێشبینی دەكات لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنەكە لە ئەورووپا ئیمزا بكرێت و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆك بۆ ئەو مەبەستە گەشتی ئەوروپا دەكات. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەكانی دا باسی لەوەشكرد  ئەمجارە رێككەوتنەكە دەكرێت، چونكە بە وتەی ئەو، ئێرانییەكان زۆر خراپ  كراونەتە ئامانج و ئاگاداریشە كە موجتەبا خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران رێككەوتنەكەی پەسەند كردووە.
لە بەرامبەردا ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی لەبارەی رێككەوتن دەوترێت تەنیا ئەگەرە‌و پرسەكە نەگەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی. بەقائی بە تووندی هێرشی كردە سەر هەڵوێستەكانی واشنتۆن و رایگەیاند، لەم رۆژانەدا ئەمریكییەكان هەوڵیان دا خواستی نابەجێی خۆیان بسەپێنن، بەڵام ئێران پیشانی دا بە هیچ شێوەیەك خۆی تەسلیم ناكات. ئەگەر ئێران لە ژێر فشار و هەڕەشەدا لە هێڵە سوورەكانی دابەزیبایە، پێش ساڵێك ئەو كارەی دەكرد. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، واشنتۆنی بە هۆكاری ئاڵۆزییەكان تۆمەتبار كرد‌و وتی، دۆخی گەرووی هورمز بەهۆی هەنگاوەكانی ئەمریكا ناسەقامگیرترە. راشیگەیاند، بەشی هەرەزۆری لێكتێگەیشتنەكان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام هەڵوێستە ناجێگیرەكانی ئەمریكا پڕۆسەكەی تووشی كێشە كردووە.
ئەم وەرچەرخانە دیبلۆماسییە دوای چەند رۆژێك  لە پێكدادانی تووندی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دێت. ئاڵۆزییەكان كاتێك گەیشتنە لووتكە كە درۆنێكی ئێرانی هێلیكۆپتەرێكی جۆری (ئەپاچی) ئەمریكای خستە خوارەوە، واشنتۆنیش لە بەرامبەردا 20 ئامانجی سەربازیی لە ناوخۆی ئێران بۆردوومان كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو