لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد 61 دەفتەری تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشی ئامادەیی دەستیان بەسەرداگیرا كە حەوت دەفتەریان بە وەڵامی پرسیارەكانەوە بوون. وەزارەتی پەروەردەی عیراقیش دەڵێت، ئەو وەرەقانە پەیوەندییان بە تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵەوە نییە .
با بۆتان باس بكەم ئەم پیلانە چۆن ئاشكرا بووە و تاوانبارەكە كێ یە؟؟
رووداوەكە سەعات هەشتی بەیانی رۆژی چوارشەممە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد روویداوە. گەشتیارێك بە ناوی (جەواد عەبدولكازم) راگیراوە كە هەڵگری پاسپۆرتی عیراقییە، لەكاتی پشكنینی كەلوپەلەكانی ئەم گەشتیارەدا، دەست بەسەر چەندین دەفتەر و فۆڕمی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی شەشەمی ئامادەییدا گیراوە. ئەو كەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە 51 دەفتەری تاقیكردنەوەی بەتاڵ، حەوت دەفتەری تاقیكردنەوەی پڕكراوە بە ناوی (فاتیمە سەباح حوسێن) كە هەموو وەڵامی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكانیان تێدابووە، سێ دەفتەری تاقیكردنەوەی رەنگ شین، هەشت (ستیكەر)ی تایبەت بە داخستنی دەفتەری تاقیكردنەوەكان. لەسەر دەفتەرەكان بە روونی نووسراوە: ئاڵوگۆڕكردنی لە دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە قەدەغەیە.
لەسەر ئەو بابەتە، شەوی رابردوو، وەزارەتی پەروەردەی عیراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی رووداوەكە كردو دواتر لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوای پشكنینی بەڵگەنامە دەستبەسەرداگیراوەكان و بەراوردكردنیان لەگەڵ وەرەقەی تاقیكردنەوەو وەڵامی پەسەندكراو، دەركەوت كە ئەو بەڵگەنامانە سەر بە تاقیكردنەوە وزارییەكان نین بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 و پەیوەندییان بەو پرسیارانەوە نییە كە لە تاقیكردنەوە گشتییەكانی ئێستادا بەكاردەهێنرێن.
ئەمەش لە كاتێكدایە بڕیارە رۆژی شەممە لە عیراق و رۆژی یەك شەممە لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشی ئامادەیی دەستپێبكات و ماوەی چەند هەفتەیەك بخایەنێت.