سەرۆكایەتییەكانی عیراق، داوا دەكەن پەلە لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت بكرێت و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ پرەنسیپی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت دووپاتكردەوە.
شەوی رابردوو چوار سەرۆكایەتییەكەی عیراق كە پێكهاتبوون لە نزار ئامێدی سەرۆك كۆمار، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران، هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق، لە كۆشكی بەغداد كۆبوونەوە، لە كۆبونەوەكەدا چوار سەرۆكایەتییەكە تەئكیدیان لە گرنگی پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكومەت كردەوە، تا ببێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی كارەكانی حكومەت و بەهێزكردنی توانای دامەزراوەكان لە جێبەجێكردنی كارنامەی وزاری و بەدیهێنانی ئامانجەكان، هەروەها تەئكیدیش لە گرنگی دەركردنی یاسای پێویست و هەمواركردنەوەی یاساكانی وەبەرهێنان كرایەوە، تا ببێتە پاڵپشتییەك بۆ رۆڵی حكومەت و پەرەپێدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بەهێزكردنی رێڕەوی گەشەپێدان و چاكسازی و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی.
هەر لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكایەتییەكانی عیراق پشتیوانیی خۆیان بۆ پرەنسیپی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت دووپاتكردەوە، بە پایەیەك لە پایە سەرەكییەكانی سەروەریی یاسا و پتەوكردنی شكۆی دەوڵەت ناویانبرد و ستایشی ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەشیان كرد كە هەندێك لایەن رایانگەیاندووە و دەستپێشخەرییان كردووە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی. دووپاتیشیان كردەوە، بڕیاری سیاسی و ئەمنی پێویستە تەنیا لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەكان و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بێت. لەبواری ئابووری و داراییشدا، سەرۆكایەتییەكان بە پێویستیان زانی سەقامگیریی دارایی و پاڵپشتیی ئابووریی نیشتمانی بەهێز بكرێت و سەرچاوەكانی داهات فرەجۆر بكرێن و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت، ئەوەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی كەرتە بەرهەمدارەكان و پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاریی و هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی.
لەبارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی، سەرۆكایەتییەكان، تەئكیدیان لە هەڵوێستی جێگیریی عیراق كردەوە كە داوا دەكات دەستبەجێ جەنگ رابگیرێت و كۆتایی بە هەموو جۆرە گرژی و پەرەسەندنێك لە ناوچەكەدا بهێنرێت و پەناببرێتە بەر دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان. هەروەها پاڵپشتیی عیراقیان دووپاتكردەوە بۆ هەموو هەوڵە بەگەڕخراوەكان بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و بەكارهێنانی خاكی عیراقیان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتان رەتكردەوە.