ئێران گەرووی هورمز "یەكێك لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەكانی جیهان" بەڕووی كەشتیوانیدا دادەخات و هۆشداری دەداتە هەر هێزێك كە هەوڵی نزیكبوونەوە لە ناوچەكە بدات.
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا، ئاشكرایكرد، بەهۆی پێشێلكردنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریكاوە، گەرووی هورمز تا كاتێكی نادیار بە داخراوی دەمێنێتەوە. میدیاكانی وڵاتەكەش باس لەوە دەكەن، ئێستا هیچ جووڵەیەكی بازرگانی و سەربازی لە گەرووەكەدا نەماوە.
سوپای پاسداران هۆشداری توندی داوە كە نابێت هیچ كەشتییەك لە كەنداو و دەریای عوماندا بجووڵێت یان لەنگەر بگرێت. لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هەر كەشتییەك لە گەرووەكە نزیك ببێتەوە، وەك هاوكاری دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دەكرێتە ئامانج.
دوای ئەوەی پێكدادانی سەخت لە نێوان هێزی دەریایی ئێران و ئەمریكا لە دەوروبەری گەرووی هورمز روویدا، ئێستا جووڵە لە ناوچەكە وەستاوە.
سوپای ئێران رایگەیاندووە، لە رێگەی بەكارهێنانی درۆنەوە 18 ئامانجی سوپای ئەمریكییان پێكاوە. یەكێك لە ئامانجەكان كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا بووە لە بەحرەین، كە تێیدا توانیویانە سیستەمی راداری تایبەت بە كەشتیگەلەكە لەكاربخەن و زیانی پێ بگەیەنن. دوای داخستنی گەرووەكەش، نرخی نەوت نزیكەی دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەو یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 94 دۆلار.