دوای راگرتنی هێرشەكانی واشنتۆن بۆسەر تاران، سەرۆكی ئەمریكا پەردەی لەسەر پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ تاران لاداو وتی، لێپرسراوانی ئێران داوای راگرتنی بۆردوومانەكانیان كردووە، بەڵام تاران رەتیدەكاتەوە داواكاری لەوشێوەیەی لە ئەمریكا كردبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند، بەشێوەیەكی راستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵ سەركردەكانی ئێران كردووەو ئێرانییەكان داوایان لێكردووە هێرشە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەیان رابگرێت. بە وتەی ترەمپ، فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتەكەی ئێستا لە ئاسمانی ئێران دەسوڕێنەوە و چاودێری دۆخەكە دەكەن. هەروەها ترەمپ ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە تێوەگلانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنەكانی ئەمریكا دەكەن و وتی، ئیسرائیل بەشداریی لەو هێرشە ئاسمانییانە نەكردووە، كە لە چەند سەعاتی رابردوودا ئەمریكا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەكان ئەنجامی دا. وتیشی، لە هێرشەكاندا 49 مووشەكی تۆماهۆك و فڕۆكەی جەنگی بەكارهێنراون .
هاوكات میدیای رەسمی ئێران لەزاری لێپرسراوانی وڵاتەكەوە، لێدوانەكانی ترەمپ-یان رەتكردەوە و رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان ترەمپ و لێپرسراوانی ئێران نەبووە و تاران داوای لە ترەمپ نەكردووە بۆردوومانەكان رابگرێت، ئەوەی روویدا پاشەكشەیەكی روونی ئەمریكا بوو دوای هەنگاوەكەی سوپای پاسداران بۆ داخستنی گەرووی هورمز تا كاتێكی نادیار، بەوتەی ئەو لێپرسراوانە، واشنتۆن ئێستا وەك لایەنێك دەرناكەوێت كە ئامادە بێت بەرگەی لێكەوتەكانی لێدانی بازاڕە جیهانییەكان یان تەقینەوەی بەهای وزە بگرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئەمریكا خولێكی نوێی هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر ئێران دەستپێكردەوەو چەندین پێگەو ئامانجی جیاواز لە ناوچەكانی باشووری ئێرانو چەند ناوچەیەكی تر بۆردومان كران.