فازڵ نەبی: مووچە لە كاتی خۆی دێت

کوردستان 01:14 PM - 2026/06/12

فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، سەرەڕای داواكارییەكانی بەغداد بۆ تەسلیمكردنی بڕی 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ، بەڵام بە سەردانی وەفدێكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، كێشەكان بەرەو چارەسەر دەچن و ناردنی مووچەی مانگانە گەرەنتی دەكرێت.
فازڵ نەبی دەشڵێت، تا ئێستا بەغداد سوورە  لەسەر داواكارییەكەی بە ناردنی 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ هەر مانگێك، بەڵام وەفدێك دەچێتە بەغداد و ئەم كێشەیە چارەسەر دەبێت. فازڵ نەبی لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە كەمبوونەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان رایگەیاند، هۆكاری كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، بۆ سیستمی ئەسیكۆدا، جەنگی ناوچەكە و ئەو هێڵە بازرگانییە دەگەڕێتەوە كە لە توركیاوە بۆ سوریا و پاشان بۆ عیراق كراوەتەوە، بەوهۆیەشەوە داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل  70% كەمیكردووە.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە، فازڵ نەبی دڵنیایی دا بە خەڵكی كوردستان و وتی، هەركاتێك وەفدی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغداد، لێكتێگەیشتن لەسەر داهاتی ناوخۆ دروست دەبێت. هاوكات كەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عیراق كاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت و ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ عیراق داهاتی نەوتیی نەبێت، دەتوانێت مووچەی مووچەخۆران بەبێ گرفت دابەشبكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغداد‌و هەولێر ئیمزاكراوە  بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  دەبێت  وەزارەتی دارایی مانگە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی تەسلیمی بەغداد بكات، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی  داهاتی دەروازە سنوورییەكانەوە حكومەتی هەرێم دەڵێت توانای دابینكردنی ئەو 120 ملیار دینارەی نییە و داهاتی كەمی كردووە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو