كۆنگۆ 91 حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە هۆی ڤایرۆسی ئیبۆلا راگەیاند

عیراق 03:57 PM - 2026/06/08

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست ئاڵۆزییەكان و شەڕی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەناڵێنن بەڵام كۆنگۆ بەدەست ڤایرۆسی ئیبۆلاوە دەناڵێنێت كە بە ڤایرۆسێكی كوشندە دادەنرێت و هۆشداری لە باری نائاسایی تەندروستی جیهانی  دەدرێت.

كۆماری كۆنگۆی دیموكرات رایگەیاند ژمارەی تووشبووانی بەهۆی ڤایرۆسی ئیبۆلا بۆ 515 كەس بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی لە 24 سەعاتی رابردوودا 27 حاڵەتی پۆزەتیڤ هەبوون، بە پێی داتاكانی حكومەتیش رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گەیشتووەتە 91 كەس.

سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی ئەمریكا هۆشداریدا لە باری نائاسایی تەندروستی گشتی جیهانی ئەگەر رێوشوێنی توند نەگیرێتەبەر، چونكە ڤایرۆسەكە مەترسی ئەوەی هەیە بگاتە هاوشێوەی ئەو پێوەرە پێوانەییەی كە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016 تۆماركراوە، كاتێك پەتاكە زیاتر لە 11 هەزار كەسی لە رۆژئاوای ئەفریقا كوشتووە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە 15ی ئایار لە پارێزگای ئیتوری لە باكووری رۆژهەڵاتی كۆنگۆی دیموكرات راگەیەندرا، كە نزیكەی 100 ملیۆن كەسی تێدایە و بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتەكانی جیهان دادەنرێت و بەهۆی شەڕە چەكدارییەكانەوە دەناڵێنێت.

ڤایرۆسی ئیبۆلا لە رێگەی بەركەوتنی راستەوخۆ و شلەی لەشەوە دەگوازرێتەوە و دەتوانێت ببێتە هۆی تای خوێنبەربوونی كوشندە، هەندێك جار ڤایرۆسەكە بە بێدەنگی بڵاودەبێتەوە و ماكەكانی درەنگ دەردەكەون، هەربۆیە بە نیشانەكانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا، مەلاریا، یان تایفۆید دەست پێدەكات، كە رەنگە دەستنیشانكردنی دوابخات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو