روانگەیەك: عیراق لە سەعاتێكدا 15 هەزار دۆلار زیانی پێدەكات

عیراق 02:42 PM - 2026/06/08

هەرچەندە عیراق  بەشدار نییە لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل  و خۆی بەدوورگرتووە، بەڵام بەهۆی شەڕەكەوە ئاسمانی وڵاتەكەی بەرووی گەشتە ئاسمانییەكاندا داخستووە ، ئەمەش وایكردووە  لە سەعاتێكدا  نزیكەی 15 هەزار دۆلار زیانی پێبگات.

روانگەی ئابووری ئیكۆ عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە ، ئاسمانی عیراق، پێش راگرتنی هاتوچۆی ئاسمانی، رۆژانە نزیكەی 800 فڕۆكەی پێدا تێپەڕدەبوو، بە گەشتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیشەوە، لە كاتێكدا رێژەی رۆژانە لە ماوەی پێشوودا لە نێوان 700 بۆ 750 فڕۆكەدا بووە.

روانگەكە روونیشی كردووەتەوە، كرێی تێپەڕبوونی  تاكە فڕۆكەیەك لە ئاسمانی عیراق نزیكەی 450 دۆلارە، كە داهاتی رۆژانەی بە نزیكەی 360 هەزار دۆلار مەزەندە دەكرێت.روانگەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە،ئێستا بەهۆی دەستپێكردنەوەی ململانێكانی ئێران و ئیسرائیلەوە،

عیراق ئاسمانی وڵاتەكەی داخستووە ئەمەش وای لێدەكات لە هەر سەعاتێك كە هاتوچۆی ئاسمانی رادەگیرێت، بە نزیكەی 15 هەزار دۆلار  زیان بە عیراق بگات، هاوكات زیانەكانی رۆژانە نزیكەی 360 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر داهاتی نانەوتی هەیە كە حكومەت هەوڵی بەهێزكردنی و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دەدات.

ئەمەش لەكاتێكدا درەنگانی شەوی رابردوو، بەهۆی شەڕ و سەرهەڵدانی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ،  دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ ماوەی  72 سەعات راگەیاند.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو