بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەروی هورمزەوە،زیاتر لە 20 هەزار دەریاوان لە ناو كەشتییەكانیاندا گیریان خواردووە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی وواڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاند، بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە زیاتر لە دوو مانگە هاتووچۆی دەریای تیایدا تەواو سنووردارە و زیاتر لە 20 هەزار دەریاوان لەناو ئەو كەشتییانەدا گیریانخواردووە كە ڕێگەیان پێنادرێت تێبپەڕن و ڕووبەڕووی كەمیی خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە.
هاوكات، بەگوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوی چاودێریی هاتووچۆی دەریای سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، زیاتر لە هەزار و 500 كەشتی لە گەرووی هوورمز و دەوروبەری گیریانخواردووە، 30 كەشتی بە درۆن و مووشەكی ئێران كراونەتە ئامانج و 10 كەشتیوانیش كوژراون.
ئاماژە بەوەشكراوە،ئەو كەشتیوانانە كە خەڵكی دەیان وڵاتن لە ترسدا دەژین، لەلایەك هێرشی مووشەكی و مەترسی شەڕیان لەسەرە، لەلایەكی دیكەشەوە كۆمپانیاكانیان فشاریان لێدەكەن و مووچەشیان وەرنەگرتووە، هەندێكیان بۆ خۆپاراستن ئامێری جی پی ئێسەكانیان كوژاندووەتەوە یان ئاڵای وڵاتانی دیكەی وەك چینیان هەڵكردووە بۆئەوەی نەكرێنە ئامانج.
هەروەها، نە دەتوانن بە گەرووی هوورمزدا تێبپەڕن، نە دەتوانن ڤیزای هیچ یەك لە وڵاتانی كەنداو وەربگرن كە كەشتییەكانیان لێوەی نزیكە.
لەلایەكی دیكەشەوە، كەشتیوانەكان ڕووبەڕووی كەمی ئاو و خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە.