دۆناڵد ترەمپ چاوپێكەوتنێكی میدیایی قوباد تاڵەبانی بڵاوكردووەتەوە

کوردستان 09:46 AM - 2026/05/11

دۆناڵد ترەمپ چاوپێكەوتنێكی میدیایی قوباد تاڵەبانی بڵاوكردووەتەوە  دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێكەوتنێكی میدیای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چاوپێكەوتنەكەی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە ترووس سۆشیال بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، تایبەت سەركردەی كورد: ترەمپ سەركردەی رێككەوتنەكانە و لینكی دیمانەكەشی داناوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی  هەرێمی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ دامەزراوەی میدیایی برایتبارتی ئەمریكی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، دەتوانێت ڕێككەوتنێكی مێژوویی ئیمزا بكات، كە نەك تەنیا دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی، بەڵكو دەبێتە مایەی گەشەسەندنێكی ئابووری گەورە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە، بە مەرجێك ترەمپ رێگە نەدات لایەنی سێیەم دەستوەردان لە پڕۆسەی گفتوگۆكاندا بكەن.

لە بەشێكی تری  دیمانەكەیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە كاریگەرییە خراپەكانی ئەم شەڕە لەسەر ئابووری عیراق و هەرێمی كوردستان كردووە، بەتایبەت بەهۆی داخرانی گەرووی هوورمز و پەككەوتنی هەناردەی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران.

قوباد تاڵەبانی هۆشداریشی داوە لە هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ڕێگەی بەكارهێنانی كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە و  وتویەتی،ئێمە زۆر ڕاشكاو بووین لەگەڵ هەموو لایەنەكان كە نابێت كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەك ئامرازێك بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات بەكاربهێنرێن، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی كۆمەڵكوژكردنیان، و دەستخۆشی لە ترەمپ كرد كە دركی بەم ڕاستییە كردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە ئاسانكارییەك بكات و پێگەی ستراتیجی خۆی بەكاربهێنێت بۆ پاڵپشتی هەر گفتوگۆیەكی نێوان ئەمریكا و ئێران.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكردووە، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی واشنتۆن و تاران كلیلی گەڕانەوەی داهاتە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق، هیواشی خواست كۆمپانیا گەورەكانی وزەی ئەمریكا بێنە ناو بازاڕەكانی ئێران بۆ پەرەپێدانی كەرتی نەوت و غاز، كە ساڵانێكە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە بە تەواوی سوودیان لێ وەرنەگیراوە. 


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو