نزیكەی 664 ملیار دیناری پارەی مووچە خرایە سەر هەژماری هەرێم
هەواڵە خۆشەكەی مووچە گەیشت و ئەمڕۆ ،بەغداد بڕێك پارەی وەك گوژمەی یەكەم بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم نارد.دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رۆژی یەك شەممە زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی تەسلیمی بەغداد كرد،هەر هەمان رۆژ تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵ ئیمزای لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرد و ئەمڕۆش بڕی 663 ملیار و 805 ملیۆن دینار وەك گوژمەی یەكەم خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم و چاوەڕوانیش دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا ، ئەو بڕەی كەماوە بخرێتە سەر حسابی هەرێم و راستەوخۆ لیستی مووچە بڵاوبكرێتەوە.
لەهەرێمی كوردستان رۆژی 12ی نیسانی ئەمساڵ دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و مووچەخۆران كراو رۆژی 14ی نیسان كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی ئەو مانگە هات، پێشبینیش دەكرێت ئە مانگەش هاوشێوەی پێشتر لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی مووچە خۆران مووچەی مانگی چوار وەربگرن.