زیاتر لە 40 وڵات ئامادەكاری دەكەن بۆ دەستەبەركردنی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز

عیراق 01:35 PM - 2026/05/11

ئێستا هەموو سەرنجەكانی وڵاتانی جیهان ، لەسەر كردنەوەی گەرووی هورمز و تێپەڕبوونی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكانە بە گەرووەكەدا بۆ ئەوەی  چیتر لەوە زیاتر جیهان رووبەرووی قیرانی وزە و ئابووری نەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سبەینێ‌ رۆژی سێشەممە بەریتانیا و فەرەنسا میوانداری كۆبوونەوەیەكی فرەنەتەوەیی وەزیرانی بەرگری بكەن، بۆ تاوتوێكردنی پلانە سەربازییەكان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی رەوتی بازرگانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.

لە یەكەمین كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری لە ژێر ئەركی فرەنەتەوەیی كە بڕیارە سبەینێ‌ بەرێوەبچێت ،جۆن هیلی وەزیری بەرگری بەریتانیا، شانبەشانی كاترین ڤۆترین هاوتا فەرەنسییەكەی، كۆبوونەوە لەگەڵ زیاتر لە 40 وڵات ئەنجامدەدەن  گفتوگۆ دەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی كەشتیوانی دەكەن.

ئەو كۆبوونەوەیەی كە بڕیارە رۆژی سێ‌ شەممە بەرێوەبچێت ، دوای كۆبوونەوەیەكی دوو رۆژە دێت لە مانگی نیسانی  رابردوو كە لە لەندەن كە  لەنێوان پلاندانەرانی سەربازیدا بەرێوەچوو ،تێیدا ئەركێك بە سەرۆكایەتی بەریتانیا و فەرەنسا درا  بۆ پاراستنی كەشتیوانی لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەكاندا، دوای گەیشتن بە ئاگربەستێكی بەردەوام.

جۆن هێلی وەزیری بەرگری بەریتانیا: ئێمە رێككەوتنە دیبلۆماسییەكان دەگۆڕین بۆ پلانی سەربازی پراكتیكی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە هاتووچۆی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە .ئەمەش دوای ئەوە دێت كە فەرەنسا و بەریتانیا كەشتی جەنگییان نارد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

پاریس كەشتیی فڕۆكە هەڵگری  چارڵز دیگۆلی  لە ناوچەكە جێگیركردووە، لەندەنیش رایگەیاند كەشتی ئێچ ئێم ئێس دراگۆن  دەنێرێت.ئەم هەنگاوانەش وەك بەشێك لە پێگەی پێشوەختە لە پێش هەر ئەركێكی نێودەوڵەتی ئەگەری بۆ یارمەتیدانی پاراستنی كەشتیوانی دەبینرێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، جێگیركردنی كەشتییەكە بەشێك بووە لە پلانی خۆپارێزی بۆ دڵنیابوون لەوەی بەریتانیا ئامادەیە بەشداری بكات لە دەستەبەركردنی گەرووەكە كاتێك بارودۆخەكان رێگەی پێدەدەن.

پێش دەستپێكردنی شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، نزیكەی یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی.

بەڵام لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە هاتوچۆی كەشتیوانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران تاڕادەیەكی زۆر گەرووەكەی داخست و بازاڕەكانی جیهانی پەكخست و نرخی نەوتی بەرزكردەوە، دواتر ئەمریكا گەمارۆی بەسەر بەندەرەكانی ئێراندا سەپاند.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو