لە رێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەك رۆژنامەنووسی ئازا و راستگۆ و بوێر. لەناویانا شێروان شێروانی رۆژنامەنووسی دەستگیركراوی بادینان خەڵاتەكەی پێ بەخشرا.
لە میانی رێوڕەسمەكەدا كە لە مۆنیۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لەپاركی ئازادی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا رایگەیاند، مۆنۆمێنتەكە رێزلێنانێكە بۆ ئەو راگەیەندنكارانەی لەپێناوی گەیاندنی راستییەكان شەهید بوون و گیانیان لەدەستداوە. هاوكات باسی نەبەردییەكانی شاری سلێمانی كرد و وتی، تا ئێستا هیچ دەسەڵات و هێز و كەسێك حەدی ئەوەی نەبووە دەست بۆ ئازادی سلێمانی ببات و ئازادییەكەی بیدەنگ بكات.
وتیشی، سلێمانی ئازادترین شاری هەرێمی كوردستان و هەموو عیراقە. قوباد تاڵەبانی، باسیلەوەشكرد لە سلێمانی ئەگەر هەڵەیەك یان سەرپێچییەك بكرێت، زۆر زوو كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆشنبیران و راگەیەندنەكان هەڵەكان ئیبراز دەكەن و زۆر زوو دەگەنە ئەوكەسانەی دڵسۆزی ئازادین لەناو دامودەزگاكانی شارەكە لەپێناو چارەسەركردن.
هەروەها وتیشی، لە سلێمانی گوێ لە خەمخۆران و رەخنەگران و دڵسۆزان دەگرین.
لە رێوڕەسمەكەدا قوباد تاڵەبانی داوایكرد، كە هەموو ساڵیك لەپێناوی ئازادی و ئازادی رادەربڕین و رێزگرتن كۆبوونەوە ئەنجامبدرێت و رێز لەو كەسانە بگیرێت كە لەپێناوی ئازادی ئازار دەدرێن و ستەمیان لێدەكرێت.
قوباد تاڵەبانی وتی، ئازادی و ئازادی رادەربڕین دوو دوژمنی هەیە، یەكیان ئەوانەن كە لە ئازادی و رەخنە دەترسن وە دژی شەفافیەت و راستییەكانن ئەویتریشیان، ئەوانەن كە ئازادی بە فەوزا تێگەیشتوون و لەژێر چەتری ئازادی كەرامەتی مرۆڤەكان دەشكێنن و تۆمەتی بێ بنەما بڵاو دەكەنەوە. وتیشی، داواكارم لە ئازادیخوازان پێكەوە بتوانینی روبەڕووی ئەو دوو دوژمنە ببینەوە.