كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان رایگەیاند، رێژەی ئاوی بەنداوی دوكان نزیكە لە سەرڕێژبوون و رۆژانە 10 سانتیمەتر زیاد دەكات.
ماوەی هەفتەیەكە هەڵمەتێكی فراوان بۆ پاككردنەوەی بەنداوی دوكان لە خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی پلاستیكی لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەردەوامە و پڕۆسەی پاككردنەوەكەش بەرەو كۆتایی دەچێت، لەبارەی ئاستی ئاوی بەنداوەكە كۆچەر جەمال وتی، رۆژانە ئاستی ئاو لە بەرزبوونەوەدایە و بەشێكی زۆری كۆگاكانی بەنداوەكە پڕبوون، تەنیا 180 سانتیمەتری ماوە بۆ ئەوەی ئاوی بەنداوەكە بگاتە ئاستی سەرڕێژبوون .
بەڕێوەبەری بەنداوەكە باسی لەوەش كرد، ئەگەر داهاتی ئاوی بەنداوەكە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەرێكی زۆری هەیە سەرڕێژ بكات، وتیشی ئێستا ئاستی ئاوی بەنداوەكە هاوشێوەی ساڵانی 2003 و 2016-ەیە كە بەنداوەكە بڕێكی زۆر ئاوی تێدا كۆبووەوە.