چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە

عیراق 11:13 AM - 2026/04/24

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ یەكلاكردنەوە و دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق  كۆببێتەوە.
بڕیاربوو رۆژی چوارشەمە لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هومام حەموودی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغداد كۆببنەوە ئەوەش بە ئامانجی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڵام بەپێی راگەیەندراوێكی ئەمینداریەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، بڕیاردرا كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی هەینی 24ـی نیسان واتا ئەمڕۆ دوابخرێت. بەپێی راگەیەندراوەكە، ئامانج لە ئەو هەنگاوە، رەخساندنی كاتی زیاترە بۆ گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكاندا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی كۆتایی لە چوارچێوەی وادەی دەستوورییدا.
بەپێی دەستووری عیراق، سەرۆك كۆمار دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت، بەو پێیەی چوارچێوەی هەماهەنگی كە گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانە، تاوەكو 26ـی نیسان دەرفەتی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق.
ژمارەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی  12 كەسن، بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران، پێویستە هەر كاندیدێك دوو لەسەر سێی دەنگەكان بهێنێت كەدەكاتە 8 دەنگ.@@

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو