پێنتاگۆن: پاكردنەوەی گەرووی هورمز لە مین شەش مانگ دەخایەنێت

عیراق 02:40 PM - 2026/04/23

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پێنتاگۆن) كۆنگرێسی وڵاتەكەی ئاگاداركردەوە، لابردنی تەواوەتی ئەو مینانەی كە لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هورمز چێنراون، رەنگە شەش مانگی تەواو بخایەنێت. ئەمەش بەو مانایە دێت كە ئەو رێڕەوە ستراتیژییەی وزەی جیهانی دەتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر بە  ئیفلیجی بمێنێتەوە، تەنانەت دوای بێدەنگبوونی چەكەكانیش.
لێپرسراوێكی وەزارەتی جەنگ كە قسەی بۆ رۆژنامە ئەمریكییەكە كردووە،  پێش كۆتاییهاتنی شەڕی ئەمریكا لەگەڵ ئێران، هەر جۆرە ئۆپراسیۆنێكی بۆ پاككردنەوەی گەرووی هورمز لە مینی چێندراو بەئەستەم وەسفكردوە، ئەم هەڵسەنگاندنەش بەو مانایە دێت، كاردانەوە ئابورییەكانی ئەم ململانێیە رە‌نگە بۆ ئەمساڵ یان زیاتر درێژببێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، مانگی رابردوو بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەكان بڵاویكردەوە، ئێران لەم دواییانەدا نزیكەی 12 مینی لە گەرووی هورمز جێگیر كردوە و شوێنی ئەو مینانەش بە ئاشكرا نازانرێت. سوپای ئەمریكا-ش لە 11ی ئەم مانگە، دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی پاككردنەوەی مینەكانی گەرووەكەی راگەیاند و دوو كەشتی جەنگی بۆ گەرووەكە رەوانە كرد، بەڵام وردەكارییەكی كەم لەبارەی ئەو ئامێرانەی كە بەكارهێنران خرانەڕوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو