دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی رۆژی دووشەممە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن، بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی تر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كۆدەبێتەوە و پرسی سەرۆكوەزیرانیش بابەتی سەرەكییە.
ماوەی دەستووریی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران لەلایەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عیراقەوە زۆری نەماوە و 26 ی نیسان دوایین وادەیە، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن پێش كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تر كراوە.
ژمارەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی 12كەسە و پێویستە هەر كاندیدێك دوو لەسەر سێی دەنگەكان بهێنێت، بەوەش پێویستی بە 8 دەنگە تا یەكلا بێتەوە بۆ كاندیدی سەرۆكوەزیران و ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە.
یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە، ئەوەیە لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ سەرجەم كاندیدەكانی پێشوو بكشێنەوە و كێبڕكێكە لەنێوان باسم بەدری و ئیحسان عەوادی بێت.
سیناریۆیەكی تریش ئەوەیە، سەرجەم كاندیدەكان ڕەتبكرێنەوە و نوری مالیكی وەك تاكە كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بمێنێتەوە و لە ئەگەری دەنگدان لەسەری لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
میكانیزمی یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران كە ئایا بە دەنگدانی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی بێت یاخود بە دەنگی (دوو لەسەر سێی) سەركردەكانی هاوپەیمانێتییەكە، بووەتە گەورەترین لەمپەر لەبەردەم یەكلایینەبوونەوەی پۆستەكە، بەوهۆیەش یەكێك لە گریمانەكان ئەوەیە ئەمڕۆش سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەتوانن كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلایی بكەنەوە.
ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بانگهێشتی سەرجەم سەركردەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكەی كردووە تا ئەمڕۆ چوارشەممە لە نووسینگەی هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئامادەی كۆبوونەوە بن، كۆبوونەوەكەش یەك بڕگەیە: یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق.
بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلایی بكاتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران لەنێوان دەنگی سەركردەكان یانیش دەنگی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام كۆتاییهات.