بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم: چاوەڕواندەكرێت چەند رۆژی داهاتوو بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ ببێت بەهۆی زۆری بارانبارین لەئەمساڵدا بڕی ئاوی كۆكراوەی پۆند و بەنداوەكان لە هەرێمی كوردستان بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە، بەجۆرێك لەكۆی 25 بەنداو 22 بەنداو لەهەرێمی كوردستان سەرڕێژبوون و چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو بەنداوێكی تریش سەرڕێژ ببێت.
رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، لەهەرێمی كوردستان 25 بەنداومان هەیە كە تا ئێستا 22 بەنداویان سەرڕێژ بوون و سێ بەنداویش ماون سەرڕێژ ببن كە بریتین لە بەنداوەكانی( دەربەندیخان و دوكان و گۆمەسپان).
راشیگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ ببێت و بەنداوی دوكانیش كەمتر لە 5 مەتری ماوە بەشێوەیەكی ستونی بۆ سەرڕێژبوون.
بەهۆی زۆریی ئاستی ئاوی كۆكراوە لە بەنداو و پۆندەكان، دەوترێت ئەمساڵ هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئاسایشی ئاو لە ساڵێكی سەلامەتدایە، كە لە بواری كشتوكاڵ و ئاوی ژێر زەوی چەندین بواری تردا سوودێكی زۆر لەو سەرچاوەی ئاوانە وەردەگیرێت.