كارمەندێكی‌ پۆلیسی سلێمانی قەڵغانی‌ كارمەندی‌ نمونەیی پێشكەش كرا

کوردستان 03:23 PM - 2026/04/21

كارمەندێكی‌ پۆلیسی سلێمانی قەڵغانی‌ كارمەندی‌ نمونەیی پێشكەش كرا    گەلی كورد لە مێژوودا بەوە ناسراوە كە گەلێكی دەستپاك و ئەمانەتپارێزە. زۆر چیرۆكی راستەقینە هەن كە گەشتیاران یان هاووڵاتیان لەسەر دەستپاكی كورد دەیگێڕنەوە، ئەمڕۆ ئێمەش چیرۆكێكی نوێی هاوشێوە بۆ ئێوە دەگێڕینەوە لەگەڵمان بن.

دوای ئەوەی كارمەندێكی پۆلیسی سلێمانی بەناوی "كەیوان كازم رەزا" كە لە پەیمانگەی‌ پزیشكی‌ دادی‌ سلێمانی‌ لە ئەركدا دەبێت، تەرمی‌ كەسێك وەردەگرێت و پشكنین بۆ جل و بەرگەكەی‌ دەكات، جا ئەم كارمەندە بەتەنها خۆی‌ بووە و كەسی تری لەگەڵ نەبووە، سەیر دەكات كۆچكردوو بڕێكی زۆر پارەی پێیە كە چوار هەزار و 300 دۆلاری ئەمریكی بووە،

كارمەندەكەی پۆلیس دەسبەجێ و بێ دودڵی بە ئەمانەتەوە ستافی‌ پەیمانگەكە ئاگادار دەكاتەوە و دەڵێت كەسی‌ كۆچكردوو ئەو بڕە پارەیەی پێیە. دوای‌ تەواوكردنی‌ رێكارە یاساییەكان، لەڕێگەی بنكەی‌ پۆلیسی‌ ئەزمەڕەوە بڕی‌ پارەكە بە ئەمانەتەوە تەسلیمی‌ كەسوكاری‌ كۆچكردوو كرایەوە.

ئەم كارە نمونەی‌ دەستپاكی‌ و رەوشت بەرزی‌ ئەم كارمەندە و سەرجەم كارمەندانی‌ پۆلیس دەردەخات، جا وەك وتراوە كاری چاكەش هەرگیز ون نابێت، دوابەدوای دەستپاكی و ئەمانەت پارێزییە، عەمیدی‌ دكتۆر، ئارام محەمەد ساڵح سەعید بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی ئەم كارمەندە بانگهێشت دەكات و لەپای‌ ئەم كارەی‌، سوپاس و پێزانین و قەڵغانی‌ كارمەندی‌ نمونەیی پێشكەش دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو