بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی 6ـی ئایاری 2026 یەكەم كاروانی سەردانكەرانی حەج لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی وشكانییەوە بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەكەوێت.
كاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، پڕۆسەی بەڕێكردنی سەردانكەران تاوەكو ڕۆژی 10ـی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت و گەڕانەوەش هەر بە ڕێگەی وشكانی دەبێت.
ئەم بڕیار و رێكارە نوێیانە دوای ئەوە دێن، كە لە رۆژی 28ـی شوباتی 2026، بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عیراق و چەند وڵاتێكی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كایەی ئاسمانیی خۆیان داخست. ئەم دۆخە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان و گۆڕینیان بۆ گەشتی وشكانی.
لەبارەی رێكارە داراییەكان وتەبێژی حەج و عومرە رایگەیاند، لە رۆژی یەكشەممەوە بانكەكان دەست دەكەن بە دابەشكردنی بڕی 2000 دۆلار بۆ هەر سەردانكەرێك. ئەم بڕە پارەیە بە نرخی پاڵپشتیكراوی حكومەت دەدرێت، كە بۆ هەر 100 دۆلارێك بڕی 132 هەزار دینار دیاری كراوە.
بەپێی زانیارییەكان، حاجییانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان پێكەوە بەڕێدەكرێن. لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكیش بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو لە هەمان وادەدا كە 6ـی ئایارە، گەشتەكانیان بۆ ناو سعودیە دەستپێدەكات.