چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كۆبوونەوەی تایبەت بە دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ سبەینێ هەینی دواخست.
بڕیاربوو شەوی رابردوو لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هومام حەموودی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا كۆببنەوە بە ئامانجی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڵام بەپێی راگەیەندراوێكی ئەمینداریەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، بڕیاردراوە كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی هەینی 24ـی نیسان دوابخرێت. بەپێی راگەیەندراوەكە، ئامانج لە ئەو هەنگاوە، رەخساندنی كاتی زیاترە بۆ گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكاندا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی كۆتایی لە چوارچێوەی وادەی دەستوورییدا.
دوای كۆبوونەوەكەی رۆژی دووشەممە و چوار جار لە دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن لەبارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران، بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە واتا دوێنێ جارێكی تر لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە كۆببنەوە.
بەپێی دەستووری عیراق، سەرۆك كۆمار دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت، بەو پێیەی چوارچێوەی هەماهەنگی كە گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانە، تاوەكو 26ـی نیسان دەرفەتی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق.
ژمارەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی 12 كەسە، بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران، پێویستە هەر كاندیدێك دوو لەسەر سێی دەنگەكان بهێنێت كەدەكاتە 8 دەنگ.