وەزارەتی نەوتی عیراق: دەست بەهەناردەكردنەوەی نەوت دەكەینەوە

عیراق 10:31 AM - 2026/04/19

وەزارەتی نەوتی عیراق هەموو ئامادەكارییەكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە سەرجەم كێڵگەكان تەواو كردووە و، تەئكید دەكاتەوە كە ئەم هەنگاوە سەقامگیریی ئابووری و دابینكردنی غازی ناوخۆیی لێدەكەوێتەوە.

ساحیب بەزون وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیاندووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بەهەناردەكردنەوەی نەوت لەڕێگەی بەندەرەكانی باشووری وڵاتەوە دەكرێتەوەو كێڵگەكان بەتەواوی ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان.

بەوتەی ساحیب بەزون، لە پەیوەندیدان لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی گواستنەوەی دەریایی لەجیهاندا، ئامانجی ئەم پەیوەندییانە ئیمزاكردنی گرێبەستە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە تا ئەركی گواستنەوەو هەناردەكردنی نەوتی عیراق بۆ بازاڕەكانی جیهان بگرنە ئەستۆ. 

دەشڵێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا هەناردەكردنی نەوتی رەش لەدەروازە جیاوازەكانەوە بەردەوام دەبێت و وەزارەت پێیوایە خێراكردن لەم پڕۆسەیەدا، وێڕای هێنانی سەقامگیری، پێویستیی ناوخۆییش بۆ سووتەمەنی و غاز پڕ دەكاتەوە.

بۆ یەكەمجار لەدوای كردنەوەی گەرووی هورمزەوە، رۆژی شەممە لە بەندەرەكانی بەسڕەوە كەشتییەكی گەورەی گواستنەوەی نەوت كە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراقی هەڵگرتووە، بەرەو بازاڕەكانی جیهان بەڕێكراوە. ئەم هەنگاوە وەك سەرەتایەك بۆ ئاساییبوونەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی عیراق دەبینرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو