یەكەم كەشتیی نەوتی عیراق لە بەندەری بانیاسی سوریاوە بار كرا

عیراق 10:41 AM - 2026/04/16


پێش جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوبات، عیراق رۆژانە نزیكەی 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، لەو بڕەش نزیكەی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی لە رێگەی كەنداوەوە هەناردە دەكرد، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، هەرنادەی نەوتی عیراق راگیرا، ئەمە وایكرد عیراق هەوڵبدات رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت بدۆزێتەوە، مانگی رابردوو وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەشێك لە هەناردەی نەوتی دەست پێ كردووەتەوە و 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەگاتە بەندەری جەیهانی توركیا. لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە عیراق بە تانكەر دەستی بە گواستنەوەی نەوت لە رێگەی سوریاوە كردووە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ دووبارە هەناردەكردنەوە بە كەشتی. لە نوێترین پێشهاتیدا، بەپێی میدیای رەسمی سوریا، دەست بە باركردنی یەكەم كەشتیی نەوتی عیراقی لە بەندەری بانیاس كراوە.
جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی سوریا، ئەحمەد قوباجی رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە یەكەم كەشتی نەوت بار كرا، ئەوەش بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ لایەنی عیراقی كراوە بۆ گواستنەوەی نەوتی عیراق بۆ بەندەری بانیاس.
ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بڕەی كە لە كەشتییەكە بار دەكرێت بە نزیكەی 500 هەزار تۆن مەزەندە دەكرێت، كە ئەو بڕەش دەكاتە 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل.
جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی سوریا ئاماژەی بەوەكرد، رێككەوتنەكە رێگە بە سوریا دەدات ئەو نەوتەی كە بۆ وێستگەكانی كارەبا پێویستییەتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا وەریبگرێت و ئەو زیادەیەی دەمێنێتەوە هەناردە دەكرێت.
 
  

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو