بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند هێرشێكی ئاسمانی كرایە سەر بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە باكووری عیراق و فڕۆكەخانەیەكیش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین 4 جار بەدوای یەكدا بۆردومان كرا.
حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد،بەرە بەیانی ئەمڕۆ سەعات دوو 38 دەقیقە ، بارەگای هەواڵگریی لیوای 25ی حەشد لە پارێزگای نەینەوا كەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانی.
لە بەردەوامیی زنجیرە هێرشەكاندا و چەند دەقیقەیەك دوای هێرشی یەكەم لە سەعات سێ، جارێكی تر هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوەتەوە.
ئەمجارەیان لیوای 52 لە چوارچێوەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی دیجلە لە پارێزگای سەڵاحەدین كراوەتە ئامانج و بۆردومان كراوە،بەپێی زانیارییەكانی حەشدی شەعبی، هێرشە ئاسمانییەكان فڕۆكەخانەی حلێوەیان لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین كردووەتە ئامانج و چوار جار بۆردومان كراوە.
سەبارەت بە لێكەوتە مرۆییەكانی ئەم بۆردومانانە، حەشدی شەعبی رایگەیاندووە سەرەڕای چڕیی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانیان لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین، هیچ زیانێكی گیانی لە ڕیزەكانی هێزەكانیاندا نەكەوتووەتەوە.