عیراق بۆ قەرەبووكردنەوەی پەككەوتنی هەناردەی باشوور، پەنا بۆ بۆرییەكانی هەرێمی كوردستان دەبات و رۆژانە بڕێكی زۆر لە نەوتی بەسڕە لە رێگەی توركیاوە رەوانەی بازاڕەكان دەكات.
وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریداوە نەوتی بەسڕە بە تانكەر بگەیەنێتە كۆگاكانی كەركووك. سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكوور ئاشكرای كردووە كە دوای گەیشتنی نەوتەكە، لە رێگەی ترومپاكانەوە دەخرێتە ناو بۆریی كەركووك-هەرێمی كوردستان و لەوێوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا رەوانە دەكرێت. ئەم هەنگاوە وەك جێگرەوەیەك بۆ هەناردەی پەككەوتووی بەندەرەكانی باشوور دیاری كراوە.
بەپێی پلانەكە، چاوەڕوان دەكرێت رۆژانە 90 هەزار بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەسڕە بگاتە كەركووك. بە كۆكردنەوەی ئەم بڕە لەگەڵ 200 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی كەركووك، تێكڕای هەناردەی نەوتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەگاتە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا. ئەمەش ئاستی هەناردەكردن لە باكوورەوە بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوە.
لە پاڵ رێگەی توركیا، عیراق سوود لە ڕێگەی سوریاش وەردەگرێت. لە 2ی نیسانەوە دەروازەی وەلید لە نێوان عیراق و سوریا كراوەتەوە و رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بە تانكەر ڕەوانەی بەندەری بانیاس دەكرێت. بەم پێیە، كۆی هەناردەی نەوتی عیراق لە ڕێگەی وشكانی و بۆرییەكانەوە دەگاتە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئەمەش لە كاتێكدایە،جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر كەرتی وزە دروست كردووە. لە 8ی ئادارەوە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەكانی باشوور و گەرووی هورمزەوە راگیراوە. ئەمەش وایكردووە تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە چوار ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزێت.