سەردەمی كات كوشتن نەماوە؛ نوێترین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوكرایەوە

عیراق 03:27 PM - 2026/05/25

سەردەمی كات كوشتن نەماوە؛ نوێترین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوكرایەوە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت گرنگە چوارچێوە و بناغەیەكی یاسایی ببەخشرێت بەو كارانەی دەكرێن و سەردەمی كات كوشتن نەماوە، پێویستە هەموو لایەنەكان بەگوێرەی تێگەیشتن لەم بەرپرسیارێتییە مامەڵە بكەن.

ئەم وتانەی عەبدوڵا ئۆجەلان لەمیانی سەردانی وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراتیی گەلان (دەم پارتی) بووە لە 24 ی ئایاری 2026، ئەمڕۆ وەفدەكە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی سەردانەكە بڵاوكردەوە. 

ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا وتوویەتی: ئەو كۆمەڵگانەی پڕن لە ناڕەزایەتی و تووڕەیی، بەبێ هزرێكی مەزن و بەهای ئەخلاقیی مەزن، ناتوانرێت بگۆڕدرێن. كۆمەڵگە لە هەموو ئاستێكی ژیاندا، لەڕووی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی و ئابوورییەوە، تووشی تەنگژە و گیرخواردن بووە.

بۆیە پێداگرین لەسەر پرۆسەكە و پەلەی لێ دەكەین.
بەبڕوای ئۆجەلان، دەشێت هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر شتێك بەدوای خۆیدا بهێنێت. دەوڵەتانی وەكو ئێران و ئیسرائیل تا دێت توند و سەختگیرتر دەبن. ئافراندنی نەتەوەپەرستی و جیاكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شتێكی زیانبەخشە.

رێبەری زیندانكراوی پەكەكە دەشڵێت،ئێمە پرۆسەیەك بەڕێوەدەبەین كە دەمانەوێت ببێتە بەربەست و ڕێگرێك لەبەردەم مەترسییەكانی ناوچەكە و هەر ئاكامێكی خوێناویی.
هەروەها دەڵێت، هەڵبەتە گرنگە چوارچێوە و بناغەیەكی یاسایی ببەخشرێت بەم كارە، مانەوە لەنێو هیوا و چاوەڕوانییدا، تەنها سەرچاوەی مەترسییە. سەردەمی كاتكوشتن نەماوە، بڕوام وایە، پێویستە هەموو ئەكتەر و لایەنەكان بەگوێرەی تێگەیشتن لەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە مامەڵە بكەن، پەرلەمانی توركیاش بەم هەستیارییەوە كارەكانی بكات.

لە درێژەی پەیامەكەیدا ئۆجەلان دەڵێت، هەمواركردنی یاساكان، دەمانپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانی پۆزەتیڤی ڕاستەقینە و چاخێكی دیموكراتیك.
لەبارەی دۆخی توركیاوە رێبەری زیندانكراوی پەكەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ڕووداوانەی بەسەر جەهەپەدا هاتن، پەیوەندییان بە نەبوونی سیاسەتی دیموكراتیك و جێبەجێنەكردنی دیموكراسییەكی ڕاستەقینەوە هەیە. ئەو ڕێبازەی كە دیموكراسی وەك شتێكی لاوەكی و زماندرێژی دەبینێت و بە گرنگییەوە ناڕوانێتە دیموكراسی، ئەنجامەكەی سەردەكێشێت بۆ هەڵەیەكی مەترسیدار.

ئێمە لە ئیمراڵی زۆر بە گرنگی دەزانین كە بە هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەری، كۆمار بۆ هەنگاوێكی دیموكراتیك، یاسایەكی دیموكراتیك ئامادە بكەین،هەوڵدەدەین كۆتایی بەم دۆخە بهێنین كە چەندین ساڵە پرسی كوردی تێدا قەتیسماوە. ڕەگوڕیشەی ئەو توندوتیژییەی كە بەهۆی پرسی كوردەوە ڕوویدا، بە سیستەمێكی چارەسەری لەناو دەبرێت.

دەتوانین بەم پرۆسەیە بڵێین؛ پرۆسەی سەرلەنوێ هەمواركردنەوە، هاوچەرخكردن و نۆژەنكردنەوەی پەیوەندییەكانی تورك-كورد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو