ئیسماعیل بەقائی: كەس ناتوانێت لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا دڵنیا بێت

عیراق 03:08 PM - 2026/05/25

هەرچەندە هەواڵەكان سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەمریكا و ئێران گەشبینانەن، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێـت كەس ناتوانێت لە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا دڵنیا بێت چونكە سیاسەتی لە گۆڕانكاریدایە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پرسی ئەتۆمی لەم قۆناغەی دانوستانەكاندا لەسەر مێز نییە، بڕگەیەكی رێككەوتنەكە راگرتنی دوژمنكارییەكان بۆ سەر لوبنان لەخۆدەگرێت. 

وتیشی: پێشهاتەكانی ئەم دواییەی دانوستانەكان لە ئەنجامی نێوەندگیری پاكستان و وڵاتانی دیكەیە، كەس ناتوانێت ئەوە پشتڕاست بكاتەوە كە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا نزیكە، چونكە سیاسەتی ئەمریكا لە گۆڕاندایە.

وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، لەم قۆناغەی دانوستانەكاندا، سەرنجمان لەسەر كۆتاییهێنانە بە دەستدرێژییەكان بۆ سەر وڵاتەكەمان، ئەمریكا خەمی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ناوچەكە نییە بەڵكو زیاتر سەرنجی لەسەر بەرژەوەندییەكانی قەوارەی زایۆنییە.

بەقائی سەبارەت بە گەرووی هورمز دەڵێت دەبێت ئارام بێت و پێویستە بەڕێوەبردنیشی لە ئەستۆی ئەو دەوڵەتانە بێت كە بەسەریدا دەڕوانن. دەشڵێت دەزانین كە ئاسایشی گەرووی هورمز خەمی هەموو وڵاتانی جیهانە و ئەوە لەژێر بەرپرسیارێتی ئێمەیە، هاوشانی عوممان.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەكرد، هیچ گەرەنتییەك نییە كە واشنتۆن پابەند بێت بە بەڵێنەكانی و دەڵێت ئێمەش بایەخ بە هەڕەشەكان نادەین، سەرنجمان لەسەر دەستەبەركردنی بەرژەوەندی گەلەكەمانە.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، لە هەندێك دۆسیەدا گەیشتوینەتە ئەنجام، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە نزیكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو