ترەمپ: بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران پەلەمان نییە

عیراق 03:23 PM - 2026/05/25

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، دانوستاندنەكانی ئێستای ئیدارەكەی تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ  رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران، لە سەردەمی ئۆباما و بەشێوەیەكی پیشەیی و بەرهەمدار بەڕێوەدەچێت.

 دۆناڵد ترەمپ لەپۆستێكدا  ترووس سۆشیاڵ، دوایین پێشهاتەكانی دانوستاندنەكانی لەگەڵ ئێران خستەڕوو و رایگەیاند، دانوستاندنەكان بە شێوەیەكی رێكوپێك و بونیادنەرانە بەڕێوەدەچن.

ترەمپ باسی لەوەشكرد نوێنەرەكانی ئاگادار كردووەتەوە پەلە نەكەن لە رێككەوتن، چونكە كات لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.بە وتەی ترمپ،گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران، بە تەواوی هێز و كاریگەرییەوە دەمێنێتەوە تا رێككەوتنێك ئەنجامدەدرێت و ئیمزا دەكرێت.

ترەمپ لە پۆستەكەیدا رەخنەیەكی تووندی  لە رێككەوتنی ئەتۆمیی 2015گرت و ئاماژی بەوەكرد : یەكێك لە خراپترین رێككەوتنەكان كە تائێستا وڵاتەكەیان كردوویەتی، رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران بوو، كە لەلایەن باراك ئۆباما و ناشارەزاكانی ئیدارەی ئۆباماوە پێشكەشكرا و ئیمزاكرا.

ئەوە رێگەیەكی راستەوخۆ بوو بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.لە بەرامبەردا، دانوستاندنەكانی ئێستای بە تەواو پێچەوانە وەسفكرد و وتی، پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا خەریكە دەبێتە پەیوەندییەكی زۆر پیشەییتر و بەرهەمدارتر.

 سەرۆكی ئەمریكا هێڵی سووری بۆ تاران دیاریكرد و رایگەیاند، دەبێت تێبگەن كە ناتوانن چەكی ئەتۆمی یان بۆمب پەرەپێبدەن یان بەدەستی بهێنن.لە كۆتایی راگەیەندراوەكە، ترەمپ سوپاسی وڵاتانی ناوچەكەی كرد و ئاماژەیەكی چاوەڕواننەكراوی كرد بە ئەگەری بەشداریكردنی ئێران لە رێككەوتنەكانی ئەبراهامدا و وتی،دەمەوێت سوپاسی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەم بۆ پشتیوانی و هاوكارییان، كە زیاتر بەهێز و پتەوتر دەبێت بە چوونە ریزیان بۆ ناو وڵاتانی رێككەوتنە مێژووییەكانی ئەبراهام و كێ ناڵێت، رەنگە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حەز بكات بەشدار بێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە هیواكان بەرەو رێككەوتن و راگرتنی شەڕ بە شێوەیەكی هەمیشەی لە نێوان ئێران و ئەمریكا پەرەی سەندووە و هەمووان چاوەڕێی راگەیاندن و ئیمزاكردنی رێككەوتنێكن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی كە دەیان ساڵە  بونەتە دوژمن و نەیاری یەك.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو