لە كاتێكدا هاووڵاتیان خۆیان بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی قوربان و قوربانیكردن ئامادەدەكەن، هاووڵاتییەكی قەزای خورماتوو لە سنووری گەرمیان، خەمێكی گەورەی لە كۆڵ ناوە؛ ئەویش پاراستنی ژینگە و تەندروستی ناوچەكەیەتی لەو پاشماوانەی كە دوای سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانی كردن دەمێننەوە.
ئەو هاوڵاتییە كەسێكی خۆبەخش و خێرخوازە، چەند ساڵێكە خەریكی ئەم كارەیە. ئەو بە هاوكاری راستەوخۆی شارەوانی قەزای خورماتوو، شوێنێكی تایبەت و گونجاوی بۆ فڕێدانی پاشماوەی قوربانییەكان دیاری كردووە و ئامانجی رێگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و نەخۆشی.
لەگەڵ ئەوەی جەژنی قوربان بۆنەیەكی پیرۆزە و خەڵكی قوربانی تێدا دەكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا، ژینگەپارێزان و ژینگە دۆستان، لێپرسراوان و مامۆستایانی ئایینی، داوا لە هاووڵاتیان دەكەن، با بە فڕێدانی پاشماوەی قوربانیكردن لەسەر شەقامەكان و نزیك پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، سیمای شارە و وڵات نەشێوێنن و پابەندی رێنماییەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بن.